الخميس، 8 ديسمبر 2011

قسەیەك لەسەر رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە ئێستا دا


هةلَؤ سالَةيى


هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان ، خوێندنەوەی جیاواز لە بارەیانەوە كرا و بابەتگەڵك لە رۆژنامە و گۆڤارەكان لەسەر رۆڵ و ئەرك و كاریگەریەكانیان بەسەر كۆمەڵگەوە بڵاو كرانەوە . تا ئێستا ئێمە كە چاودێری رێكخراوەكان دەكەین، نەگەیشتووین بەو ئەنجامەی كە ئاخۆ لە واقعدا شتێك هەیە بەناوی رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی یان ئەمە رواڵەتە و بۆ میكاژ كردنی ئەزموونەكەمانە. 
چینێك لەناو كۆمەڵگەوە هەر لەسەرەتاوە خۆی یەكلا كردەوە بەوەی كە لە هەرێمی كوردستان ، رێكخراوی كۆمەڵی مەددەنی دەكرێن بە دوو بەشەوە بەشێكیان بریتیە لە رۆبۆت واتا كۆنترۆلەكەی بەدەست خەڵكی ترەوەیە و بە روون تر بلێین ئەم رێكخراوانە پاشكۆی حزبن و لە ژێر پەردەی بە مەدەنی كردنی كۆمەڵگە كار بۆ بەرژەوەندیە حزبیەكان دەكەن و ئەگەر سەر بە دەسەڵات بن ئەوە كار دەكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی پارتی دەسەڵات . وە بەشی دووهەمیان بریتین لەو مۆدێلەی كە بۆ دابین كردنی بژێوی ژیان و شوێنیك بۆ كات بەسەر بردن و خۆ دەرخستن هاتە كایەوە و لە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی هیچ خێری تریان نیە .
بەڵام چینێكی تر سەرەرای دەرك كردنیان بە بێ‌ ئەزموونی و تێوەگلانی گەندەڵی و دەوڵ كوتین بۆ حزبەكان لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی بەم رێكخراوانە هەیە و خوێندنەوەیان بۆ كاری رێكخراوەی بۆ ئایندە ئەرێنیە و پشتگیری لە كاراكردن و زیاد بززنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
كەواتە دەتوانین بلێین لە ئێستادا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لاوازن و ئەگەر زیانیان نەبێ‌ ئەوە بە دڵنیایەوە بێ‌ سوودن بەڵام ئەمە دەسپێكی هەر كارێكە و لە ئاینندەدا ئەم رێكخراوانە دەگەن بە ئاستی بەرپرسیاریەتی و ئومێدی كۆمەڵگە. بەڵام چۆن؟ .... ئەو نەخشەرێگایە چیە كە دەمانەوێ‌ كاری لەسەر بكەین و رۆڵ و پێگەی رێكخراوەكان لە ناو كۆمەڵگەدا كارا بكات ؟ كەی دەبێ‌ دەست بە هەنگاوی جدی بكەین بۆ چاكتركردنی باری نالەباری رێكخراوەكان؟  ئایا پارتە سیاسیەكان بەراستی ئەو خواستەیان هەیە كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە واتا تەواوەكەی خۆیەوە بێنە گۆرەپان؟  حكومەت و پەرلەمان بەرنامەیان چیە ؟ چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی خۆیان چی دەلێن؟  دەبێ‌ لە ئاستی خۆیان نا رەزابن و بیر لەوە بكەنەوە كە ئێستا بارگرانین بەسەر كۆمەڵگاوە؟  من وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانم .
با بێمە سەر ئەسلی مەسەلەكە.
ساڵی 2011 پر بوو لە كێشە و قەیران و داخوازی و ئاژاوە و بنیادنانی شتی نوێ‌ و لە ناو بردنی شتی كۆن و زیندوو كردنەوەی مردوو و مراندنی ئەقلی زیندوو گەورەكردن و رازاندنەوەی كاری بچكۆلانەو بێ‌ نرخكردن و بە كەم زانینی دەسكەوت و كارە چاكەكان و زۆر شتی تر . واتە ئەم ساڵ دەرفەت بوو بۆ دەرخستنی رۆڵ و تواناكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێم بە واتا راستیەكەی خۆی . بەڵام لای بەشێك لەو رێكخراوانە نە با بوو نە باران و تەنها ئەوكات بیریان لە رێكخراوەكەیان دەكردەوە كە وادەی وەرگرتنی منحەی مانگانە نزیك دەبووەوە بەڵام، ژمارەیەك لەو رێكخراوانە قۆڵیان هەڵ كرد و هاتنە مەیدان و بێدەنگ نەبوون و سودیان لە و دەرفەتە وەرگرت بەڵام چیان كرد؟ 
لە رووداوەكانی 17ی شوبات و ئەم دواییەی زاخۆی خۆشەویست، دەركەوت وەك هەموو شتەكانی تری ئەم وڵاتە ، رێكخراوەكان لەژێر كاریگەری پارتە سیاسیەكانن و هەندێكیان سەر بە پارتەكانن جا چ پارتی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن. گومانم لەوە نیە كە كەس نیە ئینتیمای حزبی و سیاسی بۆ لایەنێك نەبێت كە ئەمە مافێكی رەوای هە ر تاكێكە بەڵام بەداخەوە بینیمان ئەم ئینتیمایە رەنگدانەوەی بەسەر هەممو بوارەكانی ژیانەوە هەیە و كاری رێكخراوەیشی لێ بەدەر نیە كە ئەمە دەبێ‌ بە كارەسات و دواتر ناوبانگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستانی باجەكەی دەدات .
لەم رووداوانەی ئێستادا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان پەراوێز خستوە و رۆَلی پیشەیانەی خۆیان نابینن و ئەگەر قسەێكیشیان هەبێت ئەوە كۆپی قسەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە لە ژێر پەردەی سەربەخۆی و بێ‌ لایەنی . سەرنج بدەن راگەیاندنی دەسەڵات چالاكوانی مەدەنی تایبەت بە خۆی هەیە و ئۆپۆزسیۆنیش بە هەمان شێوە كە چی ئەم چالاكوانانە تەنانەت بۆ پرسی بە مەددەنی كردنی كۆمەڵگە و بنەمانەگۆرەكان دژ بەیەكن و بە گوێرەی ئاوازی كەناڵەكان دەخوێنن. 
قسەم لەسەر ئەوە نیە كە مرۆڤ دەبێ‌ راستی بڵێ‌ جا لە هەر شوێنێك بێت ، زۆر ئاسایە چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی لە كەناڵی پارتێك دەكەوێت كە ئینتیمای بۆی هەیە بەڵام ناشرینی لەوە دایە كە لەو كەناڵە ببیت بە جێگرەوەی وتەبێژی پارتەكەت و ئەوە لە بیر بكەی كە تۆ لێرەدا دەبێ‌ وەك كەسێكی تر رەفتار بكەیت و هەوڵ بدەی دەبێ‌ هەرچی رووبدات نەگاتە ئەو ئاستەی كە كۆمەڵگە زەرەمەند بێت كە هەوڵی بە مەدەنی كردنی دەدەیت.
ماڵ وێرانی گەورەتر ئەوەیە كە من قسەیەك بكەم و هەستێك دەربڕم كە خودی خۆم قەناعەتم پێی نیە كە ئەمە ئێستا لە ناو چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی باوە و رووبەروی دەبنەوە .
خۆ ئەگەر بە جۆرێكی تر بیر بكەینەوە و ئەو حاڵەتانەی كە باسمان كرد بە سروشتی دابنێن ، دیسان ئەمە كارێكی باش نیە كە دەكرێ‌ چونكە ئەگەر بمەوێت دڵسۆزی بۆ پارتە سیاسیەكەم دەربڕم و خزمەتی بكەم ، ئەوە دەبێ‌ من یەكەم لایەن بم كە رەخنەی لێ بگرم و لە خواستی پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگە و رەنگدانەوەی كار و سیاسەتی پارتەكەم بۆ سەر خەڵك ئاگاداری بكەمەوە بۆ ئەوەی هەڵەكان راست بكاتەوە و باشەكانیش باشتر بكات. دەبێ‌ ئێمە بین كە حزبەكەمان ئاگادار بكەینەوە لە رەوشی زیان و داخوازی خةڵك نەك حزب ئێمە ئاراستە بكات.
هیوادارم ئەوانەی كە لە خەمی كاری رێكخراوەی و كاراكردنی رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنین لە كوردستان بیر لەم بابەتە بكەنەوە لە پێناو گەراندنەوەی ناوبانگ و خزمەتكردنی كومەڵگای هەرێمی كوردستان بە هەموو چین و توێژێكیەوە ...  وە خوازیارم كە كەس لێم زویر نەبێت چونكە قسە لەسەر بابەتێك دەكەم نەك كەس و لاسەنێك كە هەموو مان بەرپرسیارین لە خوڵقاندنی ئەم حاڵەتە و منیش بەدەر نیم لەو بەرپرسیاریتیە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق